بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دەستبەكاربوونی بۆ فەرماندەی نوێی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان دەركرد.
لە رێوڕەسمێكدا لە بارەگای هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان كە پێشمەرگە و تێكۆشەر عومەر عوسمان، باوكی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و سەرخێڵ كەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری دەستبەكاربوونی بۆ موقەدەم دیار عومەر، وەك فەرماندەی نوێی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان دەركرد.
سەرۆك بافڵ لە رێوڕەسمەكەدا ستایشی رۆڵی قارەمانانە و دڵسۆزانەی شەهید ئاكامی كرد لە پاراستنی خاكی كوردستان و چەسپاندنی یاسا و یادەوەرییەكی ئەو فەرماندە تێكۆشەرەشی وەبیرهێنایەوە و وتی، شەهید ئاكام پێیگوتم ئەوەی دوای من دێت، زۆر بەهێزتر و ماندوونەناسانەتر پارێزگاری لە خاكی كوردستان دەكات، توندتر بەگژ گەندەڵیدا دەچێتەوە و پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا دەكات”.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەشێكیتری وتەكەیدا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەركەوتن بۆ موقەدەم دیار عومەر، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەكرد لە بەرامبەر راپەڕاندنی ئەركەكانی رابردووی و راشیسپارد، وەك هەمیشە و بەهەمان رۆحییەتی شەهید ئاكامەوە پارێزەری خاكی كوردستان بن، كۆماندۆی كوردستان ئەمانەتی فەرماندە ئاكامە و دەبێت هەمووتان هاوشێوەی ئەو سەرڕاست و ئەمەكداربن بۆ یەكێتی و كوردستان.
لەدرێژەی رێوڕەسمەكەدا باوكی شەهید ئاكام عومەر پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە موقەدەم دیار عومەر كرد، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێیەكەیدا و باسی لەوەكرد، كۆماندۆی كوردستان بەخوێنی ئاكام و پۆلێك شەهیدی كۆماندۆی كوردستان دروستبووە و قوربانیی زۆری لەپێناودا دراوە، دڵنیام ئێوەش بەو رێگایەدا دەڕۆن و پارێزگاری لەو هێزە دەكەن كە خۆشەویستی هەموومانە.
لەكۆتاییدا فەرماندە دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان سوپاسی متمانەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد بۆ راسپاردنی بۆ ئەو ئەركە گرنگە و راشیگەیاند، پێشتر لەگەڵ شەهید ئاكام و كوڕانی كۆماندۆ بەڵێنمان بە خوا و نیشتمان داوە كە ئێمە كوڕە دڵسۆز و بەئەمەكەكانی كوردستان بین، ئێستاش دووپاتیدەكەینەوە وەك هەمیشە و بە پشتیوانیی سەرۆك بافڵ، درێژەپێدەری رێبازی یەكێتی و شەهیدان دەبین و لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا دەبین.