قوباد تاڵەبانی: هەرێم و بەغداد جددین لە چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و كردنەوەی زانكۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێكران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران روونیكردەوە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد جددین لە چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتیش كێشەی بودجە و مووچە و لەناویشیاندا مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پرسی كۆچی نایاسایی كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە چارەسەری ریشەیی ئەم پرسە بە گەشەسەندنی ئابوری و باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكان دەكرێت و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەشێكی بەرچاوی ئەو كەسانەی كۆچ دەكەن، دانیشتووی شار و شارۆچكەكانن كە گەشەسەندنی كەمتری بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە لەڕێگای گەشەسەندنی هاوسەنگ و گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە شار و شارۆچكەكان و رەخساندنی هەلی كار لەو ناوچانەدا دەكرێت تا رادەیەكی باش رێژەی كۆچی نایاسایی كەمبكرێتەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی هەوڵەكانی كردنەوەی زانكۆی بەریتانی نێودەوڵەتی كرا لە هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا سوپاسی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد لە پشتگیریكردنی پڕۆژەكە و كارئاسانیكردن لەپڕۆسەی كردنەوەی زانكۆكە.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی هیوای خواست كردنەوەی ئەم زانكۆیە، پەیوەندیی ئەكادیمی نێوان كوردستان و بەریتانیا بەهێزتر بكات و رۆڵی گرنگ ببینێت لە پێشخستنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان.

بابەتی پێشتر

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی خێرایی شەمەندەفەرەکانی لە میسر کەمکردەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردە خوێندكارانی پۆلی 9 ئاگاداردەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share