قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە.
دەقی پەیامەكە:
ئەم كاتەت باش جەنابی سەرۆك:
پیرۆزبایی 49 یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە تۆ و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەندامان و سەرجەم لایەنگر و دۆستانی یەكێتی دەكەم و سەری رێز و نەوازش بۆ رۆحی بەرزی سەرۆك مام جەلال و شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەواوی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان و تێكۆشەران دادەنەوێنم و بەڵێن دەدەینەوە كە خوێندكاری بەوەفا و دڵسۆز و پێداگری ڕێبازەكەیان بین و تا بەدیهێنانی خەون و ئاواتەكانیان لە خەباتدا بین و هیچ هەڵبەز و دابەزێكی رۆژگار نەتوانێت ساردمان بكاتەوە لە پەیڕەوكردنی ئەو ڕێبازە.
ئەم بۆنەیە، وەكو دەرفەتێك دەبینم تا لە قووڵاییەكانی دڵمەوە، سوپاست بكەم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوون و كارانەی بۆ یەكێتییەكەمانت كرد و یەكێتیت خستە سەرڕێی سەركەوتنەكان و شاڕێی ئارامی و گەشەسەندن و بەهێزی، یەكێتیت كردەوە بە چەقی بڕیاری سیاسیی كوردی و هێزی یەكلاكەرەوە و روئیاكانیت نەك تەنها لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵكو لە عێراقیشدا كردەوە بە نەخشەڕێگای سیاسی، ئەمانە وێستگەی پرشنگدارن و مێژوو تۆماری دەكات.
كە باسی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێت، دەبێت باس لەو بارودۆخە ئاڵۆز و ناهەموارە بكرێت كە بەهۆی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و پیلانی شوومی (جەزائیر)ەوە دروست ببوو و ناخی هەموو كوردێكی ساغی پڕكردبوو لە بێهیوایی. رژێـمی بەعسی رووخاو لەوپەڕی هێزی خۆیدابوو و هەرچی لە توانایدا بوو كردی بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان لەو كاتە چارەنووسسازەدا، ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان، مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەر، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دامەزراند و لەگەڵ سەركردایەتیی ناوەوەی وڵاتدا، هاتنەوە كۆڕی خەبات دۆڵ و چیا و دەشت و گوند بە گوند و شار بە شاری كوردستانیان بە بڵێسەی شۆڕش رووناككردەوە و یەكێك لە كاریگەرترین و پڕبەرهەمترین شۆڕشی ناوچەكە و جیهانیان هەڵگیرساند، شۆڕشێك جگە لەوەی بە سەدان كتێب لەبارەیەوە نووسراوە، تائێستاش كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە سەرسووڕمانەوە، چیرۆكی نەبەردییەكانی دەگێڕنەوە و هەتا كوردێكیش مابێت، ئەفسوونەكەی بەتاڵ نابێتەوە و گیانفیدایی و لەخۆبردوویی جەماوەری یەكێتی لەو قۆناغەدا، نموونەیەكی بێوێنەیە لە مێژوودا و رەنگە هیچ حزبێك نەبێت لە دونیادا هێندەی یەكێتی ئەندام و لایەنگری ئاوا دڵسۆزی هەبووبێت و هەبێت.
یەكێتی بە ئازایەتی و چاونەترسیی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی و بە پشتیوانیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بە خوێن و قوربانیدانێكی لەباسنەهاتوو، ئەم كوردستانە نازدارەی لەژێر دەستی ستەمی داگیركەر و دیكتاتۆر رزگار كرد و لە چركەساتەكانی سەرەتاوە، خاوەنی ڕاستەقینەی یەكێتی، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و نیشتمانپەروەران بوون و هیچ كەس و لایەن و بارودۆخ و كارتێكەرێكیش، نەیتوانیوە یەكێتی و ئەو جەماوەرە لەیەكتر داببڕێت.
سەرۆكم، ئەزموونی سەرۆكایەتیی تۆ، گەڕانەوەیەكی تەواوە لە پشتبەستن بەو میراتە بەهادار و مانادارە و ئایدیاكانی مامی گەورەشمان، راستەڕێی خەباتی ئێستا و داهاتوومانە بە تەگبیری ورد و ئیرادە و حەماسەت و شەونخوونیت، جۆش و خرۆشی یەكێتییانەت لە تاك بەتاكی یەكێتییەكاندا دروستكردەوە و بە پەرۆش و ئامادەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەركەوتنێكی لەیادنەكراو بۆ یەكێتییەكەیان تۆماربكەن، بۆیە ئێمەومانانیش وەكو خوێندكار و شوێنكەوتوویەكی پابەند بەو رێبازە، هەموو كات لەپشتتین.
لەپشتتین، چونكە ئەمانەتێكی گرنگ و ئەركێكی مێژوویی كەوتووەتە سەرشانت، سەرۆكایەتی و ڕێبەرایەتیی یەكێتییەك دەكەیت كە هەزاران شەهیدی بە رێگای رزگاریی كوردستان بەخشیووە و دەیان سەركردەی نەزری كوردستان كردووە و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ و مەشخەڵی تاریكترین چركەساتی مێژووی ئێمەیە، هەر ئەو یەكێتییە، ئەندازیاری راپەڕین و دروستكەری قەوارەی هەرێمی كوردستانە.
ئێمە دەزانین خۆشەویستیی تۆ بۆ یەكێتی و ڕێبازی مام، چەند قووڵ ڕۆچووەتە دڵ و گیانتەوە و چەند وردیش لەو عەقڵە سیاسییە گەورەیە تێگەیشتوویت كە ئەم حزبەی دامەزراندووە و ئێستاش سەدان هەزار كەس بەدڵگەرمییەوە بەرگریی لەو ئایدیا و ڕێبازە دەكەن و بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەو سەركردە مەزنە، تێدەكۆشن.
لەپشتتین، چونكە لە رێگای دیدار و كۆنگرەكەی یەكێتییەوە، بە پشتیوانیی ئەندامان و سەركردەكانی، بە شێوازێكی ڕیشەیی پێداچوونەوەتان بە كاروبارەكانی ئۆرگان و پڕۆگرامی یەكێتیدا كرد.
لەپشتتین، چونكە توانیت هێزەكان یەكدەست و پتەو بكەیت و هەموویانت خستەوە ژێر یەك چەتر كە ئامانجەكەی پاراستنی ئارامیی هەرێمەكەمانە.
لەپشتتین، چونكە تۆ بە سنگفراوانی هەوڵی یەكڕیزی و هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستانت داوە و كردیشت لە دیدی تۆدا، هەر جۆرە ناكۆكییەكی نێوان حزبەكان، دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا و لە چوارچێوەیەكی گونجاوی ململانێدا بێت و نابێت سەربكێشێت بۆ ریسككردن بە كیانی هەرێمی كوردستانەوە كە بەرهەمی رەنج و خوێن و تێكۆشانی زیاتر لە سەدەیەك لە ئینسانی كوردە.
لە هەمانكاتیشدا، جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەكردنی نابەرپرسیارانەی هەندێك هێز و لایەن بەردەوامبێت، چونكە دەتزانی ئەگەر ستراتیژیی سیاسیی كوردی بەو شێوەیە بەردەوامبێت، ئەوا دۆزی كوردی دەكەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە و سەرجەم ئەو دەستكەوتانەی لە عێراقی فیدراڵدا بەدەستمان هێناون، لەدەستمان دەردەچن و بەشكۆوە، دژی ئەو سیاسەتە وەستایتەوە و بەوەش، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانت سەربەرزتر و كۆمەڵانی خەڵكی كورستانیشت بە یەكێتی، هیوادارتركرد.
خاڵێكی هەمیشە گەشی دیكەی یەكێتیی، بڕواداربوونیەتی بە ئازادییە سیاسییەكان، دەبێت هەمووان بزانن ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە كەشوهەوای فرەیی سیاسیی دروستكردووە و لێگەڕاوە حزبی نوێ و گروپی نوێ دابمەزرێت و دژیشی كاربكەن ئاخر تەنها یەكێتییە لە بیروڕای جیاواز ناترسێت و پێیوایە سیاسەت مەیدانی ململانێیە، ئامانجی تۆ، پاراستنی فرەڕەنگی و فرەدەنگیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە.
گەشبینم بە سەرۆكایەتیت، چونكە دووربینی و پێداگری و وردبینیی تۆ و پتەویی ئەو ڕێبازەی سەرۆك مام جەلال بناغەكەی دیزاین كردووە، وادەكەن یەكێتییەكەمان هەرگیز نەكەوێت و كاروانی خەباتی درێژە بكێشێت و بەهێزتریش ببێت.
لە كۆتاییشدا، دەڵێم: پشتگیریكردنی گەنجان و خوێندكاران، لابردنی لەمپەرەكانی بەردەم هاتنەپێشەوەی ژنان، ڕێگریكردن لە سەرانەوەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەهێزكردنەوەی ئۆرگانەكانی حزب و یەكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان، بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی، هاوسەنگكردنەوەی هێز لە ناوخۆ و باڵانسكردنی ململانێ ناوچەیی و هەرێمییەكان، نەهێشتنی سیخوڕی و چاودێریكردنی ژیانی تایبەتی، سەركەوتن بەسەر كۆسپ و كۆست و پیلانەكاندا، دروستكردنی كۆدەنگی لە بڕیاردا و سەرپێخستنی دونیابینیی سەردەمییانە بۆ یەكێتی، بەرگریكردن لە ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەكان، شەڕی بەگژداچوونەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، گەڕان و سەردانی یەكلەدواییەكی پایتەخت و ناوەندەكانی بڕیار لە دونیادا بۆ دۆزینەوەی پشتیوانی بۆ مافەڕەوا و دیموكراسییەكانی گەلەكەمان، هەموو ئەمانە پێكەوە بە هیچ حزب و سەركردەیەك ناكرێت، جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكێك كە ناوی (بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە.
برات،قوباد تاڵەبانی