ماوەیەکی کەمی بۆ هاتنی وەرزی سەرما لە هەرێمی کوردستان ماوە و تا ئێستا دابەشکردنی نەوت بە نرخی داشکێندراو دەستیپێنەکردووە و لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و دەوروبەری دەڵێت، تا ئێستا هیچ شتێک دیارنییە.
تەها جەمال لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و دەوروبەری بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان دابەشکردنی نەوت بە نرخی داشکێندراو دەستپێدەکات، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نە لەبارەی بڕ نە نرخی نەوتەکە هیچ شتێکی رانەگەیاندووە.
ئاشکراشیکرد، چاوەڕێدەکەین لە دەوروبەری 15 ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەم بڕی نەوتەکە دیارییبکات و بینێرێت هەم نرخەکەشی دیاریبکات.
سەبارەت بەو بڕە نەوتەی ساڵانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە رەوانەدەکرێت، تەها جەمال وتی، “ئەگەر ئەو بڕە نەوتە بێت نرخەکەی لەوەی هەرێم زۆر باشترە، بەڵام ئەو بڕەی ساڵی پار ناردیان هێندە کەم بوو بەشی ناوچە شاخاوییەکانی نەکرد، بۆ ئەمساڵیش هیچ دەنگێکیان نییە”.