بەرهەم ساڵح لە دیدارێكیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، “قۆناغی ئێستا پێویستی بە پەرەپێدانی سیستەمی ئاسایش و چالاککردنی کاری هەواڵگری هەیە”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ڕایگەیاندووە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی كانونی دووەم، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق كردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لە پاراستنی یاسا و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی ھێزەکانی ناوخۆ و فەراھەمکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتییان.
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، “قۆناغی ئێستا پێویستی بە پەرەپێدانی سیستمی ئاسایش و چالاککردنی کاری هەواڵگرییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی گشتی و پاراستنی سەرکەوتنەکان دژ بە تیرۆر و داعش و بنبڕکردنی تاوان و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی ھاوڵاتییان”.
لە بەرانبەردا وەزیری ناوخۆی عێراق پلانی وەزارەتەکەی خستوەتەڕوو بۆ پەرەپێدانی کار و ئامادەیی هێزەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی هاوڵاتییان.