وەزارەتی گواستنەوە: شەمەندەفەرەكانی رێگای گەشەپێدان لە عێراقەوە دەگەنە ئەوروپا

بەرپرسێكی گواستنەوەی عێراق تایبەتمەندیی ئەو شەمەندەفەرانە ئاشكرادەكات كە بڕیارە لە چوارچێوەی رێگای گەشەپێدان بەگەڕبخرێن و دەڵێت، لە یەك رۆژدا دەگەنە ئەوروپا.

مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەو شەمەندەفەرانەی لە رێگای گەشەپێدان دەخرێنەگەڕ بەپێی سیستمی ئەوروپی دەبن.

وتیشی، “خێرایی شەمەندەفەرەكان تایبەت بە گواستنەوەی سەرنشین دەگەنە 300 كم/ كاتژمێر، لەكاتێكدا شەمەندەفەری تایبەت بە شتومەك خێراییەكەی لەنێوان 140-160 كم/ كاتژمێر دەبێت”.

بەرپرسەكەی وەزارەتی گواستنەوە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی سەباح ئەوەشی خستەڕوو، بەوەش شەمەندەفەرەكان توانای ئەوەیان دەبێت لە تەنها رۆژێكدا بگەنە ئەوروپا.

روونیشیكردەوە، رێگای گەشەپێدان 15 وێستگەی تایبەت بە سەرنشین و شتومەكی دەبێت. هەلی كار بۆ نزیكەی 100 هەزار كەسی ناوخۆ دەرەخسێنێت، جگەلەوەی هۆكار دەبێت بۆ كاركردنی شەش ملیۆن هاوڵاتی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ.

رێگای گەشەپێدان بڕیارە لەماوەی چوار ساڵدا لە نێوان عێراق و توركیادا دروستبكرێت، بریتییە لە هێڵێكی ئاسنینی ئابوری بۆ گواستنەوەی كاڵا و شمەك و، رێگایەكی خێرای هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر.

پێشتر هیشام ركابی، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، “بودجەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكە 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ راكێشانی هێڵی ئاسنینە و 6.5 ملیار دۆلاریش بۆ دروستكردنی رێگای خێرای هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە”.

ئەو هێڵی شەمەندەفەری پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” لەخۆیدەگرێت، درێژییەكەی 1200 كیلۆمەترە و بە 10 پارێزگای عێراقدا گوزەردەكات و شەمەندەفەرەكانی كارەبایی دەبن و بە تەكنەلۆژیای نوێ كاردەكەن.

بەپێی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، پڕۆژەكە هەموو پێداویستی و تایبەتمەندییەكی سەردەم لەخۆدەگرێت و ئامانج لە جێبەجێكردنی، بەستنەوەی بەندەری فاوە بە توركیا و دواتریش ئەوروپاوە، بەوەش هاتوچۆكردنی شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لە بەسڕەوە تا توركیا دەستەبەردەكات و، عێراق وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی كەنداو بە بازاڕەكانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

بابەتی پێشتر

سوودێكی گرنگی هەنار ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

بە شوکلاتەی گەرم کێشی لەشت دابەزێنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share