بافڵ جەلال تاڵەبانی: دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی، فاكتەری بەهێزی پاراستنی ناوچەكەمان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی، فاكتەری بەهێزی پاراستنی ناوچەكەمان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموولایەكە.

ئەمڕۆ هەینی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان رۆبەرت ئادەرهۆڵت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی سیاسی ئابووری و ئەمنی گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە و دوورخستنەوەی ململانێكان كرایەوە.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەكێتیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پاراستنی یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كرد و رایگەیاند، هەوڵەكانمان بۆ هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروست و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكی شایستەیە بە هاوڵاتییانمان، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەڵبژاردنێكی بێگەردە كە ببێتە مایەی سەقامگیریی هەرێمەكەمان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و پرسی وزە، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەكرد، دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی، فاكتەری بەهێزی پاراستنی ناوچەكەمان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموولایەكە.

ئاشکراشیکرد، بەڕێوەبردنی كەرتێكی گرنگی وەك وزە، پێویستی بە بیركردنەوەیەكی نوێ و نیشتمانییانە هەیە، هەوڵەكانی ئێمەش لەو چوارچێوەیە و دەمانەوێت ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك.

بابەتی پێشتر

بەهۆی مەترسیی هێرشەوە زۆرینەی خوێندنگەکانی قوبرس چۆڵکران

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان دەستگیرکردنی گەورە تیرۆرستێک رادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share