بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پنتاگۆن لەگەڵ دانیال شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەپێناو پاراستنی ئاشتی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی رۆڵی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوەکرد، بە گرنگییەوە لە بەردەوامیی هەماهەنگییەکان و سەرخستنی گفتوگۆکانی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق دەڕوانین و پێویستە هەموومان پێکەوە رووبەڕووی هەڕەشەکان و مەترسییەکانی تیرۆر ببینەوە.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوە و بوونیادنانی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، “پشتیوانییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین، هیوادارین لە داهاتووشدا هاوکار و هەماهەنگبن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە و پاراستنی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە”.