وەفدی هەرێم: هەردوولا هاوڕابووین لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان

وەفدی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ بەغداد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ”هەردوولا هاوڕا بووین لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی”.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، ”بە ئامادەبوونی وەفدی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەسەرپەرشتی دکتۆر محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزیری پلاندانان، وەزیری نەوت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزیری کارەبا، تیمی راوێژکاریی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕێوەچوو”.

دەشڵێت، ”لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لەناو خشتەکانی یاسای گشتیی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ”کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، لە هەردوولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئەرێنی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لە یاسای بودجەی ساڵی رابردوو دروست بوو بوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا پارێزراو بێت”.

وەزارەتی دارایی دەشڵێت، ”لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتیی عێراق”.

بابەتی پێشتر

سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەزارەتی گواستنەوە: پێویستە پابەندی کاتی تەواوکردنی پڕۆژەی بەندەری فاو بن

بابەتی دواتر

بەغداد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نارد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share