پۆلیسی زاخۆ دەستگیرکردنی 15 کەسی بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگەیاند.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ لە بڵاوکراوەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، 15 کەس بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراون کە سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە لە ماوەی دوو مانگدا دەستگیرکراون، بە تۆمەتی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە لە خەڵک، بێڕێزیکردن بە بەها کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان، دزینی ژمارەیەک هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەحمەد رەمەزان، دەشڵێت، ئەو کەسانە بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراون، هەر کەسێک ئەو ماددەیە بیگرێتەوە سزاکەی بەندکردنە کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، یان پێبژاردن بە بڕێک پارە کە لە ملیۆنێک دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.