سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە چین دەدات و رایدەگەیەنێت، “رێگەنادەین بازاڕی ئەمریکا بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی داگیربکات”.
جۆبایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رێگە بە چین نادەین بازاڕەکەمان داگیربکات و رکابەریی دادپەروەرانە لە وەبەرهێنانی ئۆتۆمبێلدا مەحاڵ بکات.
بایدن چینی بەوە تۆمەتبارکرد کە شێوازی “نادادپەروەرانە” بۆ کێبڕکێکردن بەکاردەهێنێت لەنێویاندا سیخوڕیکردنی ئەلیکترۆنی و ئاماژەی بەوەکرد، بەکارهێنانی ئەو تاکتیکانە کێبڕکێ نییە، بەڵکو ساختەکارییە.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی رابردوو ئەمریکا ئەو بریارەی راگەیاند کە باجی نوێ دەخاتە سەر زۆرێک لە کاڵا چینییەکان بەتایبەت ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پاتری و چەند کاڵایەکی دیکە.
چین ئەو رێوشوێنە بازرگانییانەی ئەمریکای ئیدانەکرد و رایگەیاند، لەبەرامبەردا هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر.