ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشكرادەكات و دەشڵێت، “جێبەجێنەكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی گرفت بۆ مووچە دروستدەكات”.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دەبێت بە بانكیكردنی مووچە دەستپێبكات وەك ئەوەی حكومەتی عێراق دەیەوێت و بۆ بە بانكیكردنی مووچەش زانیاریی فەرمانبەران بۆ بانكی تی بی ئای بنێردرێت بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی.
راشیگەیاند، ئەگەر مووچە لە رێگای بانكە حكومییەكانی عێراقەوە بە بانكی نەكرێت هەر سكاڵایەك لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بكرێت كێشە بۆ مووچە دروستدەكاتەوە و جگەلەوەش لەدوا كۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێیراگەیاندنین، “نامەوێت گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروستببێت”.