وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەماوە و ئێمەش دەمانەوێت كێشەی مووچە چارەسەربکرێت و دەشڵێت، “بۆ بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران، فەرمانبەران سەرپشكن چ بانكێك هەڵدەبژێرن”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە بابەتی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرە گرێبەستەكان كرا كە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن و تیمێك راسپێردرا لە ماوەی 15 رۆژدا راپۆرتێكی ورد لەسەر گرێبەستەكان ئامادەبكرێت و لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆدەكرێت كە بكرێنە هەمیشەیی.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “دوو بەربەست لەبەردەم ناردنی مووچە هەبووە كە بابەتی بەبانكیكردنی مووچە و رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بووە و جێبەجێدەكرێن و لە ئێستادا هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەماوە و لە پرسی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانیشدا، فەرمانبەران سەرپشكن چ بانكێك هەڵدەبژێرن”.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیش، وتەبێژی حكومەت وتیشی، “رێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەكراوە و كێشە لەسەر بابەتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم هەیە”.