بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتن لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.
پرسی هەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد گفتوگۆی وردیان لەبارەوەكرا و جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كرایەوە بە شێوەیەك كە ببێتە مایەی سەقامگیری و گەشەكردنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك بێت، دیموكراسی بباتە ئاستێكی باڵاتر و گۆڕانكاری لەپڕۆسەی حوكمڕانیدا بهێنێتە ئاراوە”.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، هەردوولا هاوڕابوون كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێنرێت، كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكرێن و هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەوبكرێت.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی لەبارەی كۆی هاوكێشەكان روونكردەوە و رایگەیاند، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەند بە سیاسەتی نیشتمانیی خۆی، درێژە بە هەوڵەكانی دەدات بۆ خزمەتكردنی خەڵك و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا، بۆ ئەمەش جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بوونیادنەرانە و هەنگاونان بەرەو هەرێمێكی ئاوەدانتر و دیموكراسیتر دەكەینەوە”.
پتەوكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و فراوانكردنی هاریكاری و هەماهەنگییەكان دووپاتكرایەوە.