وەزیری ناوخۆی عێراق سووربوونی وەزارەتەكەی لەسەر دانانی كامێرای زیرەك لە سەرتاسەری وڵاتدا رادەگەیەنێت.
عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پەرەپێدانی سیستمی هاتوچۆ بە ئامانجی گەیشتنە سیستمێكی هاتوچۆی تەواو هاوشێوەی سیستمە جیهانییەكان لەوانەش دانانی كامێرای تیژڕەویی و ئاماژەی زیرەك كە بووەتەهۆی كەمبوونەوەی قەرەباڵەغی و رووداوەكانی هاتوچۆ.
وتیشی، “سوورین لەسەر دانانی كامێرای تۆماركردنی تیژڕەویی لە سەرتاسەری وڵات بەمەبەستی كەمكردنەوەی فشاری هاتوچۆ و كەمكردنەوەی سەرپێچی”.
ئەو وتانەی وەزیری ناوخۆی عێراق لەمیانەی رێوڕەسمێكدا بوو بەبۆنەی هەفتەی هاتوچۆ كە لە بەغداد بە بەشداری ژمارەیەك لە ئەفسەرانی هاتوچۆ و پلەدارانی وەزارەتەكە بەڕێوەچوو.