قائیمقامی قەرەداغ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، گروپێکی شاخەوانی سلێمانی هاتوون بۆ گوندی ئاوەسپی لە ناحیەی سێوسێنان و چوار لەوان لافاو بردوونی و یەکێکی دیکەیان خنکاوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
رەئوف کەمال، قائیمقامی قەرەداغ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەو گروپە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زریانی بەهێزی بارانبارین و کەشوهەواوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتوونەتە سنوورەکە.
بە وتەی رەئوف کەمال، تا ئێستا نازاندرێت سەرجەم ئەندامانی گرووپە شاخاوانییەکە سەلامەتن یاخود نا بەهۆی زریانێکی توندی بارانبارینەوە کە سنوورەکەی گرتووەتەوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە تەرمی ئەو شاخەوانەی خنکاوە دۆزراوەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا کەشناسیی هەرێم چەندین جار هۆشداری بە هاوڵاتییان دا لەبارەی ناسەقامگیری کەشوهەوا لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا.