باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، رایدەگەیەنێت، داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەی تەواو لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکەن.
ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایدەگەیەنێت، بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین کە بووە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان و چەندین قوربانی لێکەوتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، “داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەی تەواوەتی بکەن لە و هێرشە و تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن”.
دەشڵێت، “سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا”.
شەوی رابردوو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەو هۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان بیانین، زیانێکی ماددی زۆریش بە کێڵگەکە گەیشت و بووەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم.