شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایدەگەیەنێت، حكومەتی ناوەند بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر.
بەپێی راگەیەندراوێكی شانەكە، لەسەر بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هونەری پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو هێرشە تێكدەرانەیەی لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كێڵگەی غازی كۆرمۆر-ی لە ناحیەی قادر كەرەمی سەر بە پارێزگای سلێمانی كردووەتە ئامانج.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەرەڕای ئیدانەكردنی هێرشەكە كە كراوەتەسەر سامانی ئابوریی عێراق، دووپاتیدەكاتەوە ئەنجامدەرانی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن.
دوێنێ لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشێك بۆسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر ئەنجامدرا، بەهۆیەوە جگە لە زیانی گیانی، زیانی ماددی بە كێڵگەكە گەیاند و بووە هۆی كەمبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم.
دەربارەی ژمارەی قوربانییان، درەنگانی دوێنێ رەمك رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چوار كەس لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر گیانیان لەدەستداوە و دوو كەسیش برینداربوون كە سەرجەمیان بیانین.