وەزیری بازرگانیی عێراق لە بارەی پێکهێنانی لیژنەیەک رایگەیاند، لیژنەیەکی ئابوری لەگەڵ تورکیا پێکهێنراوە کە ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانانی هەردوو وڵات لادەبات.
ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئەوەی خستەڕوو، ”لیژنەیەکی هاوبەشی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ تورکیا پێکهێنرا، بێجگە لەوەی پێشتر چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات واژوکرا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ”لیژنەی ئابوری و بازرگانی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانانی عێراق و تورکیا، هاوکات ئەندامانی ئەو لیژنەیە گرنگی بە کەرتی بازرگانی دەدەن تا ببێتە بڕبڕەی پشتی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات”.