بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، لیستی مووچەی مانگی چوار لە زۆرینەی فەرمانگەكانەوە ئاراستەی گەنجینەكان كراون و وردبینی تێداكراوە كە دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و چاوەڕواندەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە نووسراوێك لیستی مووچەی مانگی 4 بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت و دەست بە پارەداركردنی هەرێم بكرێت.
هەر لە زانیارییەكاندا هاتووە، چاوەڕواندەكرێت وەزارەتی دارایی عێراق لە 20 بۆ 25ی ئەم مانگەوە پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی مانگی چوار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەكان زانیاری و ئاماری تایبەت بە مووچەی فەرمانگەكان بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم دەنێرن كە دواتر سەرجەم فەرمانگەكان لەسەر ئاستی وەزارەتەكان رێكدەخرێن و ئەو لیست و داتایە بۆ بەغداد دەنێردرێت.