وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کۆماری چین دەرفەتی خوێندنی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە بەمەبەستی خوێندنی ماستەر و مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتییان دەگرێتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە، هەر کەسێک مەرجەکانی تێدابێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی چین دەکات دەتوانێت داواکاریی پێشکەش بکات.
مەرج و داواکاریی لایەنى کۆماری چینی میللی:
- بڕوانامەی دەرچوون و بڕوانامەی بەنمرە، کە پشتڕاست کرابێتەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوسینگەی پشتراستکردنی بڕوانامەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
- بڕوانامەی تایبەت بە نەبوونی پێشینەی تاوان و ئەستۆپاکی کە لەلایەن وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشتڕاست کرابێتەوە.
- بڕوانامەی تەندروستی، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوسینگەی پشتڕاستکردنی بڕوانامەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
- تێستی زمانی ئینگلیزی، وەک تۆیفڵ و ئایڵتس یان پشتگیرییەک لە زانکۆکەی، کە بیسەلمێنێت تەواوی خوێندنی بە زمانی ئینگلیزی بووە.
- پاسپۆرت کە ماوەی بەسەرچوونی لە شەش مانگ کەمتر نەبێت.
- سی ڤی و پێرسنەڵ ستەیتمێنتی داواکار.
مەرجی رێنماییی تایبەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ماستەر:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
- پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥ %)کەمتر نەبێت.
- ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆ پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی چین پشتگیریی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- کاندیدی ئەم زەمالەیە مەرجە هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبێت و ئەستۆپاکی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار سەلمێندرابێت.
- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ و تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکیی زەمالەکە (چین) دەبێت.