لە میانەی پێشوازیکردنی لە دەیڤد بەرگر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، زیان لە هەرێمەكەمان دەدات و دەسەڵاتە یاسایی و ئیدارییەكانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازی لە دەیڤد بەرگر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان کرا و جەخت لە گرنگی و پێویستیی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كرایەوە كە وەڵامدەرەوەی خواستەكان بێت و ببێتە مایەی گۆڕانكاری لەناوچەكە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندبوونی یەكێتی بەو وادەیە دووپاتكردەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دایناوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێك بح دواخستنی هەڵبژاردن، زیان لە هەرێمەكەمان دەدات و دەسەڵاتە یاسایی و ئیدارییەكانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و ئەزموونەكەمان گەشەپێبدات نەك هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی باسیلەوەشکرد، دڵنیاین هەڵبژاردنی ئەمجارە دەبێتە هۆی بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و وێنەیەكی دیموكراسیی هەرێمەكەشمان نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەدات.