بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و وەفدێكی یاوەری.
لە دیدارەكەدا كە میكێلی كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەبوو، جەخت لە گەشەپێدان و فراوانتركردنی هاریكارییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەكان كرایەوە بە شێوەیەك لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و بەها نیشتمانییەكان بێت.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەكەدا ستایشی رۆڵی راوێژكارانی سەربازیی ئیتاڵیای لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە بەشدارییەكی كارایان هەبووە لە هاوكاریكردن و رێكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان. وتیشی، “بەردەوامیی هاریكارییەكانیان فاكتەرێكی بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە”.
گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی وڵات و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوون و هەردوولا هاوڕابوون، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و سەردەمییانە كە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی رەوتی دیموكراسی، پێویستییەكی گرنگە و وێنایەكی گەشتری هەرێمی كوردستان نیشاندەدات.