قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئیتاڵیا لە دەباشان كۆبوونەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ماوریتسیۆ گرێنگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، دوایین پەرەسەندنەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و بەتایبەت پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێكرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە رۆژی سێشەممە لە دەباشان و بە ئامادەبوونی میكێلی كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەرێوەچوو، تیشكخرایە سەر گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
لەو بارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران بە گرنگییەوە پەرۆشی خۆی بۆ بەرێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی لەپێناو كاراكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتییان و جەختیشیكردەوە كە سوورین لەسەر بۆچوونی خۆمان و دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و لەوە زیاتر دوانەكەوێت”.