ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی 2024 بۆ ئەنجومەنەکەیان بەهۆی زیادبوونی بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنانەوەیە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا راگەیاند، گۆڕانکاری لە خشتەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی کراوە بەهۆی زیادبوونی بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان و تەرخانکردنە داراییەکان بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کارتی بەشەخۆراک، لە ئەنجامیشدا ناردنی خشتەی بودجە بۆ ئەنجومەنەکە دواکەوتووە.
بە گوێرەی قسەکانی موعین کازمی، بودجەی گشتیی ساڵی 2024 228 ترلیۆن دیناری تێپەڕکردووە، دوای ئەو زیادبوونانەی روویداوە و پێشبینی دەکرێت نزیکەی 80 ترلیۆن دینار کورتهێنانی دارایی هەبێت.
جەختیشیکردووەتەوە، دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمریکا و تەواوبوونی سەردانەکەی دەنگ لەسەر خشتەی بودجەی فیدڕاڵی دەدات و لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.