سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی کانونی دووەم ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2020ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە ساڵی ڕابردوودا ئاماری پێشێلکارییەکان بەرزبووەتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2020دا بەراورد بە ساڵی 2019 ژمارەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان زیادییان کردووە و جۆری توندوتیژییەکانیش توندتر بوون.
بەپێی ئاماری سەندیکای ڕۆژنامەنوسان، “لە ساڵی 2020دا 138 پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و 315 پێشێلکاری بەرامبەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوسان کراوە”.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ڕابردوودا 42 حاڵەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان، 47 ڕێگریکردن لە ڕوماڵکردن، 32 حاڵەتی هێرش و سوکایەتیی کردن و هەشت لێدان تۆمارکراون.
هەربەپێی ئامارەکە چوار سکاڵا و سێ داخستنی کەناڵ و یەک وەرگرتنی بەڵێننامە لە ڕۆژنامەنوس کە ئیتر کارنەکات تۆمارکراوە.
سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ئامارەکانی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بەپێی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە هەولێر 46 حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراوە، سلێمانی 36 حاڵەت، دهۆک 14 حاڵەت، هەڵەبجە 17 حاڵەت و کەرکوک 25 حاڵەت تۆمارکراون.