بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی هەر هەنگاوێک دەگرێتەبەر کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک بێت

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی دەربەست هەر هەنگاوێک دەگرێتەبەر کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک بێت لەپێناو پاراستنی مافە نەتەوەییەکان و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق کۆبووەوە کە تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهات و ئەگەرە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات کراو هەردوولا پەرۆشی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان و عیراق بوون و بەردەوامی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان لایەنەسیاسییەکان بە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری لەقەڵەم درا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەرامبەر رۆڵ و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سوپاس و پێزانینی بێپایانی ئاڕاستەی د.لەتیف جەمال رەشید کرد کە هاوکاری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە و لەروانگەی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتییەوە دەسەڵاتەکانی بەکارهێنا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گرنگی پاڵپشتیکردنی کارەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هاوبەشێتی راستەقینە لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان جەختیان لەسەر کرایەوە و سووربوونی بەردەوامی دیالۆگ لەنێوان گشت لایەنەکان بە باشترین بژاردەی سیاسی دانرا بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی وڵات.

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندیی عێراق رێژەی خستنەڕووی دۆلاری بەرزکردەوە

بابەتی دواتر

لە سلێمانی کارگەیەکی دروستکردنی شیرینی داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share