سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبووەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مۆسكۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەكانی ناوچەكە تاوتوێكران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان، عێراق و روسیا كرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا.
سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەكەی هەفتەی رابردووی مۆسكۆ كە خەڵكی مەدەنیی كردە قوربانی، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسە و هاوخەمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی گەیاندە گەل و وڵاتی روسیا و جەختی لە پتەوكردنی هەوڵە جیهانییەكان كردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەكان و لەناوبردنی پاشماوەكانی تیرۆر كە تاوەكو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەكات.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ هەڵوەستەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان كرد و ستراتیژیی یەكێتی خستەڕوو، هەروەها جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەكان كردەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و وتی، “پێویستە سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەكەمان نەبێتە جێگەیەك بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان”.
لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی رووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەكە دووپاتكردەوە لە رێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە كاروبار و سەروەرییەكانی عێراق، هاوكات هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتییان لە عێراق و ناوچەكە دووپاتكردەوە.
پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كورد و روسیا تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكە بوو و هەردوولا بەپەرۆشییەوە جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانتركردنی كردەوە، هەروەها هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال لە دانانی نەخشەڕێگای پەیوەندییەكە، بەرزنرخێنرا و هەردوولا هاوڕابوون، پابەندبوون بەو نەخشەڕێیەوە دەبێتە مایەی فراوانكردنی هاریكاری و هەماهەنگییەكان و لەبەرژەوەندیی هەردوولا دەبێت.
بابەتی پێشتر

عیماد ئەحمەد: لە هەر پڕۆسەیەکدا هەمیشە کات و شوێن رۆڵی گرنگی خۆیان هەیه‌

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی هەرێم: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شوباتی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسیی هەرێم: کەشوهەوا جێگیر دەبێت

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و سبەینێ کەشوهەوا جێگیر دەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی وبومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ شەممە بە…
Total
0
Share