پەرلەمانتارێكی یەكێتی بەشێك لە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سودانی و وادەی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش لە بەغدادەوە ئاشكرادەكات.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیای ئێستا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندووە، رێکەوتن کراوە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کار بە کۆدی بایۆمەتری بکرێت بۆ مووچەخۆرانی هێزە ئەمنییەکان لە بری ئەو زانیارییەی مووچەخۆرانی دیکە کە لای وەزارەتی دارایی عێراقە.
لەبارەی مووچەی مانگی ئازارەوە ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، جۆرێک لە رێککەوتن هەیە لەسەر بابەتی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەڵام بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی هەیە، تا ئەو کاتەی بەبانکیکردن تەواو دەبێت، حکومەت بە کاش مووچەی مووچەخۆران بنێرێت.