یاریدەدەرێکی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ دووشەممە، بەغداد 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی لە هەولێر و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ئەمڕۆ بڕیار دەدات لەبارەی راگەیاندنی لیستی مووچە.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی پارەی پێویست نییە بۆ مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم پێویستی بە 922 ملیار دینارە.
راشیگەیاند، ئەو پارەیەی لە بەغداوە نێردراوە، مووچەی پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایش و سەرۆکایەتی هەرێمی تێدا نییە و ئەمڕۆ بەرچاوڕوونی دەبێت بۆ ئەوەی کە ئایا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی تر دەنێرێت یاخود نا و ئەگەر نەینارد وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە داهاتی ناوخۆوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.