سەرچاوەیەك لە بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی (شاسوار عەبدولواحید) سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، رایگەیاند، كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی سەرۆكی نەوەی نوێ لەو پەندە پێشینانە دەچێت كە دەڵێت (هەتا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت)، دەیەوێت بەسیناریۆیەكی فێڵبازانەی نوێ لە لێدوانەکانی رابردووی پەشیمان ببێتەوە و خۆی بکات بە پاڵەوانی ئەم دەستکەوتە گرنگ و مێژووییە کە لەبنەرەتدا دژایەتی دەكرد.
سەرچاوەکەی بۆردی راگەیاندن ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە، كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی شاسوار عەبدولواحید، شەرمەزارییەكی سیاسیی و میدیایی گەورە بوو، چونكە بۆ ماوەی دوو ساڵە و هەتا دوێنێ شەو، خۆی و گروپەكەی رەخنەیان دەگرت و دژی هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی بوون سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو سكاڵایەی كە لە دادگای فیدراڵی تۆمار كرابوو.
بۆردی راگەیاندنی یەكێتی باسی لەوەشكردوەە، شەرمەزارییە بۆ شاسوار عەبدولواحید، چونكە لە دوو ساڵی رابردوودا لێدوان و كۆنگرە رۆژنامەییەكانی خۆی سەد لە سەد پێچەوانەی ئەو قسانە بوون كە ئەمڕۆ لەبەردەم میدیاکاندا كردی، كەچی وەكو پیشەی هەمیشەیی خۆی و وەك ئەوەی نە بای دیتبێ و نە باران، بە حسابی خۆی بە خۆنمایشكردن و هۆنینەوەی هەندێ قسە و قسەڵۆكی چەواشەكارانە بتوانێت راستییەكان لەبەرچاوی رایگشتی بشێوێنێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە هاووڵاتیانی هەرێم بڕوا بەو قسە ناڕاستانە بكەن و چەواشەکاریی ڕاستیەکان بشێوێنێت، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە لەڕۆژگارێی بوونی میدیای نوێدا فیدباک و پێوانەی رایگشتی ئاسان وەردەگیرێتەوە و با بفەرموێ خۆی سەیری كۆمێنتەكان بكات و بەراوردێكی بكات لەگەڵ ئەو كۆمێنتانەی كە دوو ساڵ لەمەوبەر هاووڵاتیان لەسەر پەیامەكانی دەیاننووسی، ئیدی هەر خۆی لەگەڵ ناخی خۆی دەڵێت: ئەشهەدو (پەتی درۆ زۆر كورتە) و بەپێچەوانەی ئیدیۆمەکەی پێشێنان ئەمجارە دز زوو دەستەکەی کەشف بوو، نەیتوانی خاوەن ماڵ بگرێت.