بۆردی راگەیاندنی یەکێتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “یەكێتی دەمێكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردووەو هاوشێوەی كەركوك و موسڵ و خانەقین و دوزخورماتو، چاوەڕوانی سوپرایز بن.”
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، چەند رۆژێكە بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن بەشێك لە میدیای فەرمیی و نافەرمیی هەندێك لایەن، بەپاساوی دواخستنی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتی كراوەتە ئامانج، گوایە یەكێتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەترسێت و هەوڵی دواخستنی دەدات.
دەشڵێت، “لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەكارییانە، بەوانەی كە خەونەكانیان تەنها لەسەر هەواڵی چەواشە هەڵچنیووە، پێیان رادەگەیەنین كە :
پێشتریش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تایبەت كەركوك كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوایدەكرد ئەو بڕگە یاساییەی تایبەت بە كەركوك لاببردرێت بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتییەكی رەسەنی شارەكە بەتایبەت دەنگدەرانی كورد مافی بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەبێت، هەمان دەهۆڵیان دەكوتا و گوایە یەكێتی بۆیە داوای هەموواری ئەو بڕگەیە دەكات، ترسی پێشوەختەی لەگەڵ كەمكردنەوەی دەنگەكانی و بەدەستهێنانی كورسی هەیە و نایەوێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت.
باس لەوەش دەکات، دواجار هەوڵ و هەواڵە چەواشەكارییەكان بوونە بڵقی سەر ئاو و مایەپوچ دەرچوون، بۆیە ئەمجارەش پێتان دەڵێین كاتی زۆری ماوە بۆ بانگەشە و هەر لەئێستاوە خۆتان بەو دەهۆڵ كوتان و هەواڵە چەواشەكارییانە ماندوومەكەن، چونكە یەكێتی دەمێكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردووە و هاوشێوەی كەركوك و موسڵ و خانەقین و دوزخورماتو، چاوەڕوانی سوپرایز بن.