سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال پیرۆزبایی یادی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد لە سەرجەم نووسەران و ئەندامانی یەكێتییەكە دەكات.
دەقی پەیامەكە….
بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی یەكێتیی نووسەرانی كورد
لە یادی 54 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد، چەپكە گوڵی و رێز و پێزانینتان پێشكەشدەكەم و گەرمترین پیرۆزباییش ئاڕاستەی ئێوە و سەرجەم نووسەرانی كورد دەكەم.
لەم بۆنەیەدا، بەڕێز و شكۆوە، یادی قەڵەمە بەبڕشت و لێهاتووەكانی دەستەی دامەزرێنەر، ڕەوانشادان د. عزەدین مستەفا ڕەسوڵ، د. نەسرین فەخری، د. كاوس قەفتان، د. ئیحسان فوئاد، د. مارف خەزنەدار، جەمال بابان، خالید دلێر، محەمەدی مەلا كەریم، كاكەمەم بۆتانی و نوری عەلی ئەمین، دەكەینەوە و هیوای تەمەندرێژی و لەشساغیش بۆ مامۆستا حسێن عارف دەخوازین.
تێكۆشان و ڕۆڵی بەرچاوی یەكێتیی نووسەرانی كورد لە جووڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلەكەماندا، بۆ هەموولایەك ڕوون و ئاشكرایە لەم قۆناغەشدا كە سۆشیاڵ میدیا، هەژموونێكی بەرچاوی هەیە، سەرباری لایەنە ئەرێنییەكانی، سەكۆیەكیشە بۆ بڵاوكردنەوەی بیری دواكەوتووانە و پاشەكشەكردن بە هەموو ئەو بەها باڵایانەی نووسەران و رۆشنبیرانی كورد بە درێژایی سەدەیەكە لەپێناویدا رەنج و شەونخونییان كێشاوە.
هەر بۆیە ئەركی یەكێتیی نووسەران و هەموو نووسەر و رۆشنبیرانی كورد لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و داكۆكیكردن لە بەها باڵاكان و برەودان بە كەلتووری رەخنەگرتنی بابەتییانە، لە هەموو كات قورسترە.
لەم چوارچێوەیەشدا و بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ نووسەران تا بتوانن رۆڵی كاریگەری خۆیان ببینن، پابەندین بە پرەنسیپی ( دابینكردنی نان و ئازادی بۆ نووسەران) كە سەرۆك مام جەلال ئێمەی لەسەر پەروەردە كردووە و رەنگە لەم بوارەدا لە ساڵانی رابردوودا كەمتەرخەمی و كەموكوڕی هەبووبێت، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین دۆخێكی گونجاو و شایستە بۆ نووسەران و رۆشنبیرانمان دابینبكەین تا بتوانن بە نووسین و رەخنەكانیان هەموو لایەكمان بەرچاوڕوونتر بكەن بەرەو داهاتووییەكی باشتر و گەشتر.
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال