كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراقەوە دەستیپێكرد و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق دەڵێت، “پێویستە پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت تاوەكو مووچەی مووچەخۆرانی دابەشبكات”.
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراقەوە دەستپێكرد و جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و راگەیاند، دەبێت رێگریی لە تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراق بگیرێت و لە ئێستادا رۆژانە ئاسمانی عێراق دەبەزێندرێت و لە بۆردومانی چەند رۆژی رابردووی ئەمریكا لە عێراق 16 كەس كوژراون و ئەركی هەموو لایەكە رێگە لە تێكچوونی دۆخی عێراق بگرین.
وتیشی، “لە عێراق هەوڵ و هەنگاوی باش بۆ چاكسازی دراون و ئەركی هەموو لایەك پاراستنی دۆخی عێراق و سەلامەتیی هاوڵاتییانە”.
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیشەوە، جێنین پلاسخارت راشیگەیاند، “پێویستە پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت تاوەكو مووچەی مووچەخۆرانی دابەشبكات و كێشەی بودجە لە نێوان هەرێم و بەغداد بەردەوامە و هەرچەندە لیژنەش پێكهێندراوە، بەڵام لیژنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی”.