هەرێم كەمال ئاغا: ئەو لایەنەی كەمتەرخەمە لە چارەسەركردنی پرسی مووچە دیاریبكرێت

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە لیژنەیەكی پێكهێناوە، بەڵام بەداخەوە ئەو لیژنەیە تاوەكو ئێستا نەگەیشتووە بە هیچ دەرئەنجامێك، بۆیە لە رێگای پەرلەمانەوە داوادەكەین ئەو لیژنەیە بەزووترین كات روونكردنەوەیەك بدات و ئەو لایەنەی كە كەمتەرخەمە لە چارەسەركردنی پرسی مووچە دیاریبكات.

راشیگەیاند، بەهۆی خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەشینان لەلایەن حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر سەخت و دژوار تێدەپەرێت و ئەوە زیاتر لە 70 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچە و شایستەكانیان وەرنەگرتووە، ئەمەش كاریگەریی خراپی كردووە سەر هەموو سێكتەرەكانی ژیان، هەرچەندە پێشوەخت دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیارێكی لە بارەی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی داوە و پێویستیشی زانیوە كە پرسی مووچە لە كێشە سیاسیەكان دووربخرێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و برا پەرلەمانتارەكان دەكەین گوشار بخەنە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەزووترین كات مووچە بنێرێت و پابەندبێت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی چیتر فەرمانبەران و هاوڵاتییان نەبنە قوربانی كێشە و ناكۆكیە سیاسیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق تا ئەو كاتەی دەگەین بە چارەسەرێكی بنەرەتی بۆ پرسی مووچە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share