دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر رفاندن و دەستبەسەركردنی، كچێكی ئێزدی ئازادكرا، لەو ماوەیەدا رووبەڕووی دەستدرێژی بووەتەوە و ناچاركراوە لەگەڵ چەكدارە توندڕەوەكان هاوسەرگیری بكات.
كچە گەنجەكە، كە لە ئێستادا تەمەنی 24 ساڵە، لەگەڵ كوڕ و كچەكەیدا لەمیانەی هەڵمەتێكی ئەمنیدا كە لەلایەن هێزەكانی كورد لە كامپی هۆل ئەنجامدرا ئازادكران، ئەو كامپەی دەیان هەزار كەسی تیاكۆكراوەتەوە، زۆرینەیان هاوسەر و منداڵی گروپە توندڕەوەكەن.
ئێزدییەكە رۆژی یەكشەممە ئازادكرا، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی حەردان-ە كە دەكەوێتە چیای شەنگال.
پێشتریش دەیان كچ و ژنی ئێزدی لە كامپەكە ئازادكران، ئەو ژنانە دەترسن ناسنامەی خۆیان ئاشكرابكەن، لە ترسی ئەو توندڕەوانەی هێشتا لە كامپەكە لەگەڵیاندا ماون، یان بەهۆی ترسیان لە ئاشكراكردنی راستییەكانی ژیان و بەسەرهاتیان، بەهۆی خەمی رەتكردنەوەیان لەلایەن خێزانەكانیانەوە، دوای ئەوەی رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە و لە ئاكامیشیدا منداڵیان لەو توندڕەوانە بووە كە دەستدرێژییان كردوونەتەسەر.
ژنەكە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، لەگەڵ خێزانێكدا نیشتەجێبووە، بەر لەوەی بگوازرێتەوە بۆ كامپەكە، لەوێش داوایلێكراوە ناو و ناسنامەی خۆی وەك ئێزدییەك ئاشكرانەكات.
ئەو دەڵێت، بۆیە ناوێكی خوازراوی لەناو كامپەكە بەكارهێناوە، تا ساتی هەڵمەتە ئەمنییەكە و ئازادكردنی.
دەربارەی ژیانی ماوەی رابردووی بەر لە گەیشتنی بە كامپەكە دەڵێت، “ژیانیان شێواندم، وەك مەڕوماڵات كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردم”. ئەوەشی وت، لە یەكێك لە جارەكاندا لەگەڵ شەش كچی دیكە لە ماڵی پیاوێكی بەتەمەن بووە بە ناوی (ئەبو جەعفەر) و، دووپاتیكردەوە زۆر بە توندی لێیدەدا ئەگەر وەڵامی خواست و حەزەكانی نەدایایەتەوە.
وتیشی، “ئەو ژنانەی رێگرییان لە دەستدرێژیی دەكرد، دەكوژران”، وەك ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویكردووەتەوە.
كامپی هۆل كە لەژێر دەسەڵاتی هێزە كوردییەكاندایە، بووە شوێنی 73 هەزار كەس، كە زۆرینەیان سوری و عێراقین، بەڵام بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو ژمارەكە كەمیكردووە، لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرێك لە ژنان و منداڵانی بیانی بۆ وڵاتەكانیان.