وەزیری دارایی هەرێم نوێترین زانیاری لەبارەی پلەبەرزكردنەوە ئاشكرادەكات

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، سەرجەم زانیاری و داتاکانمان سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران رەوانەی بەغداد کردووە، بەڵام جێبەجێكردنی پێویستی بە کات هەیە.

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاند، یاسای بودجە کێشەی بۆ ئێمە و بەغدادیش دروستکردووە، ئێستا هەردوولامان گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت یاساکە هەمواربکرێت.

وتیشی، “چونکە لە بەغداد بە بیانوی (ئینفاقی فیعلی) دەستخراوەتە بینی موچەی فەرمانبەرانەوە، جگە لەوەش یاساکە کێشەی بۆ خۆیان دروستکردووە”. ئەوەشی وت، “چاوەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانین بۆ ئەوەی هەمواری یاسای بودجە بکرێتەوە”.

سەبارەت بە كۆتاییهاتن بە هات و نەهاتی مووچەش ئاوات جەناب باسی لەوەكرد، دەتوانین بڵێین کە نیەتی خێر هەیە لەلایەن بەغدادەوە کە ئەم دۆخە بگۆڕن و کۆدەنگی هەیە کە دەبێت پرسی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربکرێت و لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە.

وەزیری دارایی و ئابوری باسیشی لە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، سەرجەم زانیاری و داتاکانمان سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران رەوانەی بەغداد کردووە، چونکە دەبێت مامەڵەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوە بێت لەگەڵ بەغداد، ئاسۆی هەنگاوەکە ئیجابییە، چونکە لە ساڵی 2012ەوە گەمارۆ لەسەر هەرێم هەبووە، لابردنی ئاستەنگەکانی ئەو ماوەیە پێویستی بە کات هەیە.

دڵنیایی ئەوەیشی بە مووچەخۆران دا، كە هەرێم کێشەی لیستی مووچە و (میزانی موراجەعە) و هەژماری بانکی نیە و، هەمو مانگێک لەکاتی خۆیدا رادەستی بەغدادی دەکەن.

بابەتی پێشتر

راهێنانێكی ئاسان هاوكار دەبێت لە دابەزاندنی بەرچاوی فشاری خوێن

بابەتی دواتر

فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی پێدانی مووچە راستەوخۆ لە بەغدادەوە روونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share