وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بانکێکی دیکەی عێراقیدا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی هودای عێراقی خستە لیستی سزاکانەوە بەهۆی ئەوەی بەشداری کردووە لە پارەدارکردنی تیرۆر.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەهۆکاری خراپ بەکارهێنانی دارایی و ساختەکاران و سپیکردنەوەی پارە، بانکی هودا کە بانکێکی عێراقییە و بە قسەی وەزارەتەکەی ئەمریکا “وەک رێڕەوێک بۆ پارەدارکردنی تیرۆر و لە پێناو سوپای پاسدارانی ئێران کاری کردووە”، خستە لیستی سزاکانەوە.

هاوکات، جگە لە بانکەکە، خاوەنی بانکەکەشی رووبەڕووی سزا کردووەتەوە، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتەکە سزای بەسەر خاوەنی بانکەکەدا سەپاندووە.

لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کارانەی ئەم بانکە کردوونی مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق و ژیانی هاوڵاتیانی ئەمریکی و عێراق دروست دەکات. دەشڵێت، “گەنجینەی ئەمریکا پابەندە بە کارە هاوبەشە درێژخایەنەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی ئابووری عێراق و پاراستنی هەردوو سیستەمی دارایی ئەمریکا و عێراق لە خراپ بەکارهێنان.”

ئەمەش لە کاتێکدایە، 22ی ئەم مانگە فەرمانگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، هێڵی ئاسمانی عێراقی “فلای بەغداد” و بەڕێوەبەرەکەی خستە لیستی سزاکانەوە بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە پاڵپشتیکردنی ئێران و گروپەکانی هاوکاری ئێران لە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئێران و لوبنان.

بابەتی پێشتر

گوماندەكرا رفێندرابن و دەركەوت تۆمەتبارن بە دزیكردن

بابەتی دواتر

وەزیری دارایی هەرێم: لەسەر هەمواركردنەوەی بودجە لەگەڵ بەغداد رێككەوتووین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share