یەكێتی ئەوروپا: بڕیارەكەی ئێران كشانەوەیە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی

“دەرچوونێكی ڕوونە” لە پابەندییەكانی بەپێی ڕێككەوتنی ئەتۆمی

یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیوم كشانەوەیە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی.

پیتەر ستانۆ، وتەبێژ بەناوی بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانونی دووەم وتی، ئەوروپا پێیوایە هەنگاوەكەی ئێران “دەرچوونێكی ڕوونە” لە پابەندییەكانی بەپێی ڕێككەوتنی ئەتۆمی.

وتیشی، “زانیاریمان پێگەیشت لەبارەی ئەوەی ئێران ڕایگەیاندووە.. ئەگەر ئەوەی ڕایانگەیاندووە جێبەجێی بكەن، دەبێتە دەرچوونێكی گەورە لە پابەندییەكان بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ئەمەش كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بڵاونەبوونەوەی چەكی ئەتۆمی”.

لای خۆیەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وتی، ئێران لەبارەی بڕیارەكەوە تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی 20% لە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ ئاگاداریكردووەتەوە.

ئێران گەیشتبووە ئەم ئاستەی پیتاندن بەر لە واژووكردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، هەنگاوەكە لەبارەی زیادلوونی ئاستی پیتاندن، لەچوارچێوەی زنجیرەیەك ڕێوشوێندایە بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكان بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی، كە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوەوە دەستیپێكردووە، وەك وەڵامدانەوە كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتنە لەلایەن ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ-ەوە.

مانگی ڕابردووش پاش كوژرانی موحسین فەخریزادە-ی زانای ئەتۆمی ئێرانی، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیارێكی دەركرد كە تیایدا حكومەت ناچاردەكات بە بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی 20% لەگەڵ هەڵپەساردنی جێبەجێكردنی پڕۆتۆكۆلی ئیزافی.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی حكومەتی ئێران وتی، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران فەرمانی دەركردووە بە پیتاندن بەڕێژەی 20%. ئەوەشی وت، “ڕێكحراوی وزەی ئەتۆم بەر لە چەند كاتژمێرێك دەستی بە ڕێوشوێنە سەرەتاییەكان كردووە، لەڕێی پاڵنانی گاز لە ئامێری دەركردەی ناوەندی، پاش چەند كاتژمێرێكیش یەكەم بڕە گازی UF6 بەدەستدێت”.

وتەبێژەكە ئەوەشی خستەڕوو، حكومەت باوەڕی وایە كە بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئێران نییە، بەڵام پابەندە بە جێبەجێكردنی بەهۆی بڕیارەكەی پەرلەمانەوە.

بابەتی پێشتر

میرکاتۆی زستانی 2021 دەبێتە بەهێزترین؟ حەوت بۆندی گەورە ئەگەری واژووکردنیان هەیە..

بابەتی دواتر

لە سۆران دەستگیرا بەسەر دوو کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری شیشەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share