ژنێك سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكات

چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای كەركوك ئەنجامبدرێت و سەرۆكایەتیكردنیشی لەلایەن ژنە ئەندامێكی سەر بە یەكێتی دەبێت.

دوای ئەوەی دوێنێ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكرا، بەپێی یاسا پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكەم كۆبوونەوە ئەنجامبدەن.

پەروین فاتیح، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی یاسا پێویستە پارێزگاری كاربەڕێكەر بانگێشت ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بكات بۆ كۆبوونەوەكە. لە ئەگەری بانگێشتنەكردنیشدا لە 16ەهەمین رۆژدا ئەنجومەن دەتوانێت كۆبوونەوەی یەكەمی خۆی ئەنجامبدات.

وتیشی، “یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەن بە سەرپەرشتیی بەتەمەنترین ئەندام دەبێت و تیاشیدا سوێندی یاسایی دەخورێت”.

بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، راكان جبوری-یە، بەڵام بەهۆی پۆستەكەیەوە، چاوەڕوان ناكرێت لە یەكەم كۆبوونەوەدا بەشداربێت، بۆیە لەو ئەگەرەدا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەكە دەدرێتە پەروین فاتیح كە دووەم بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنە.

پەروین فاتیح وتی، “دوای سوێندی یاسایی، ئەركی ئەنجومەن هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەرە، بەڵام رەنگە نەتوانرێت لە كۆبوونەوەی یەكەمدا ئەو پرسە یەكلابكرێتەوە، بۆیە لە ئەگەری وادا دانیشتنەكە بەكراوەیی دەهێڵدرێتەوە و دوادەخرێت بۆ كاتێكی دیكە تا سازان و رێككەوتنی لایەنەكان لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا”.

ئەندامە دەرچووەكەی سەر بە فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتیشیكردەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان لە كەركوك “لەلەگەڵ ئەوەی یەكێتی زۆرینەی كورسییەكانی هێناوە، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە رێككەوتن و تەوافوقی سیاسی هەیە و باوەڕیشمان بە را و بۆچوونە جیاوازەكان”.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێش روونیكردەوە، مەرج نییە ئەو كەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێت ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، هەڵبژاردنیشی بە دەنگی 50+1ی كۆی ئەندامان دەبێت، بەوەش لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێویستی بە دەنگ و پاڵپشتیی 9 ئەندام دەبێت.

بابەتی پێشتر

بەتۆمەتی دزینی کەلوپەلی بیناسازی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

لە بنکەیەکی سەربازی لە بەغداد ئاگرکەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share