بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، داوادەكەن رەزامەندی بدرێت لەسەر دامەزراندنی ژمارەیەك نەوجەوان بە شێوەی گرێبەست، كە سوودمەندبوون لە خانەكانی نەوجەوانانی كوڕان و كچانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، بە مەبەستی بەگەڕخستنی تواناكانیان و پاڵپشتی هاندانیان.
لە بەرامبەردا سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە نووسراوێك وەڵامی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی داوەتەوە و رایگەیاندووە، سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو نەوجەوانانەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ لە خانەی تازە پێگەیشتووان، كاری پێویست ئەنجامبدەن و وێنەیەك لە ناسنامە و بڕوانامەی دەرچووەكانیان بنێرن، بە مەبەستی دامەزراندنیان.
هاوكات وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی پێكردووە ژمارەی ئەو مێرمنداڵانە 25 كەسە.