چارەسەری گرفتی مووچە لە هەرێم بە هەمواری یاسای بودجەوە گرێدراوە و سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، چاوەڕوانی گەیشتنی دەكەن.
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حكومەت دەیەوێت هەندێك هەمواركردنەوە لە یاسای بودجەدا بكات، بەهۆی ئەوەی هەندێك كاروبار لە ساڵی 2024دا گۆڕاون و، پێویستیان بە گۆڕانكاری لە ماددەكانی یاساكەدا هەیە، بۆ گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییە سەرەكییەكانی وڵات.
وتیشی، “چاوەڕوانی گەیشتنی رەشنووسی هەمواری یاسای بودجە دەكەین بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە هەفتەی داهاتوودا، لەگەڵ گەیشتنیشی رەوانەی لیژنەی دارایی دەكرێت”.
ئەگەرچی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئاماژەی بە وردەكاریی گۆڕانكارییەكانی یاساكە نەكرد، بەڵام بەپێی ئەو بەڵێنانەی پێشتر لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق بە وەفد و كەسایەتی و لایەنە كوردییەكانی داوە، بەشێك لەو گۆڕانكارییانە ئەو خاڵانەن كە پەیوەستن بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا زیاتر لە 618 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات بەمەبەستی دابەشكردنی مووچەی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ.
كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لێكتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغداد هەیە تا ئەوكاتەی یاسای بودجە هەمواردەكرێتەوە حكومەتی عێراق پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕوانی چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی مووچەن، ئەو كێشەیەی ساڵی رابردوو بۆ مووچەخۆران زیاتر رەنگیدایەوە و بەهۆیەوە مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردووی بە نادیاری هێشتووەتەوە.