وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ خاوەنی پڕۆژە خۆماڵییەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و بڕیارێکیش لە بەرژەوەندی خاوەن پڕۆژەکاندا دەرکرا.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “ئەمڕۆ بەئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی و ستافێکی باڵای وەزارەت کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ خاوەنی پڕۆژە خۆماڵییەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “کۆبونەوەکە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە و ئامادەکارییەکان بوو بۆ یەکخستنی دەرفەتەکانی بەبازاڕکردنی بەرهەمی هێلکە و گفتوگۆکردنی پێشنیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق و دابینکردنی هێلکە، دوابەدوای دابینکردنی پێویستی هاوڵاتییانی هەرێم و تەواوکردنی قۆناغی خۆبژێوی بەڕێژەیەکی زۆر بەرز و پێشکەوتوو”.
ئەو وەزارەتە دەشڵێت، “هەر لەم کۆبونەوەیەدا سەرجەم سەرنج و پێشنیار و داواکارییەکانی خاوەن پڕۆژەکان وەرگیرا و بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەت و نوێنەری خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بەمەبەستی بەدواداچوون و ئامادەکاری و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراقی و دانانی پلانێکی گونجاو و هاوسەنگ سەبارەت بە دابینکردنی بڕی هێلکەی پێویست و داواکراو لەگەڵ راگرتنی باڵانسی پێویست”.