هەڤاڵ ئەبوبەكر: هەرزانكردنی نان بە بڕیاری سەرەوە نابێت

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، هەرزانكردنی نان بە بڕیاری سەرەوە نابێت، بە تێگەیشتن لە دۆخی گشتی و دیراسەكردن دەبێت و، بۆ لەكیس نەچوونی ساڵی خوێندنیش داوا لە مامۆستایانی ناڕازی دەكات دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، دەربارەی هەرزانكردنی نان هیچ بڕیارێكی رەسمییان لە هیچ شوێنێكەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە، بە دەستپێشخەریی نانەواخانە و سەموونخانەكان و لیژنەكان و، بە كۆنووسی قائیمقام كێش و ژمارەی نان و سەموون دیاریكراوە و بەوجۆرە دەفرۆشرێت.

وتیشی، هەرزانكردن و دەستكاریكردنی نرخی نان و سەموون “بە بڕیاری سەرەوە نابێت، بە تێگەیشتن دەبێت لە دۆخی گشتی، تەنیا بەس نییە كە فەردەیەك ئارد چەند نانی تیادەبێت. دەبێت بیر لەوە بكەینەوە كە لە نانەوایەك چەند كەسێك ئیش دەكەن، ئەو داهاتەی پەیدایدەكات یەكسان دەبێت بە بژێویی رۆژانەیان”.

تەنها هەرزانكردنی كەرەستەیەك یەكسان نییە بە باشبوونی بژێوی و دابەزاندنی كاڵایەك ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی، ئاستی بژێویی هاوڵاتییان بۆ ژیانی رۆژانەیان دیراسە نەكەین، هەڤاڵ ئەبوبەكر وای وت.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پشتگیری تەواوی داوای رەوای خەڵكی كوردستان، مامۆستایان و مووچەخۆران دەكەن، بەهیچ جۆرێك پشتیان تێنەكردوون، پشتیوانیانن.

ئاماژەشیدا، پێمانوایە بە بەشداری هەمووان پێویستە خەبات بۆ مافی مووچە و بودجە بكەین و، نەكرێتە ململانێ و كارتی سیاسی لەلایەن حكومەتەوە.

باسی لەوەشكرد، بە تەنیشت ئەمەدا پێویستە پڕۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە، چونكە ئەگەر دەستپێنەكاتەوە، ساڵی خوێندن لە كیس بچێت، بە ئاسانی بۆمان قەرەبوو ناكرێتەوە.

پارێزگاری سلێمانی داوا لە لە مامۆستایانی ناڕازی دەكات دەستپێشخەربن لە كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن و ئەوانیش پشتیوان دەبن بۆ ماف و داواكارییەكان.

سەبارەت بە مانگرتنی پزیشكانی نیشتەجێی خولاویش كە ئەمڕۆ راگەیەنرا، باسی لەوەكرد، ئەگەر دواكەوتنی مووچە و چارەسەری پرسی بودجە درێژە بكێشێت، بە دڵنیاییەوە سێكتەری گشتی، خزمەتگوزارییەكان، ژیانی گشتی و سەرمایەگوزاری دەوەستێت. بۆیە پێویستە بە زووترین كات چارەسەر بكرێت و شایستە داراییەكان تێكەڵی هیچ كارتێكی فشار و ململانێیەكی سیاسی نەكرێت.

 

بابەتی پێشتر

فوئاد حسێن: نامانەوێت پشێووی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا دروست ببێت

بابەتی دواتر

گەشتیارێکی عێراقی بە 50 کارتی بانکییەوە دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزینی بەخۆوە بینی و 100…
Total
0
Share