بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر هێرشەکەی سەر گەشتیارانی عەرەب لە فامیلی مۆڵی هەولێر 16 کەس دەستگیرکراون.
لە ڕاگەیەنراوێکدا پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ” لە شەوی ساڵی نوێ ئاژاوەیەك لە پێش (فامیلی مۆڵ) لە شاری هەولێر دروستبوو و چەند كەسێك هێرشیان كردبووە سەر گەشتیاران و سەردانیكارانی ئەو شوێنە و زیانیان بە چەند پاس و ئۆتۆمبێلێك گەیاندبوو، بۆیە لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس رێكاری یاساییان لە بەرامبەردا گیرایە بەر و 16 تۆمەتبار بەو هۆیەوە دەستگیر كران و پەڕاویان بۆ رێكخرا و بەپێی ماددەكانی (477) و (413) لە یاسای سزادان، دەستگیر كراون.
لە ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، “هەر كەسێك زیانی بەركەوتووە، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بكات تاوەكو رێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر”.
لەسەر هێرشکردنە سەر گەشتیارانی عەرەب لە ئاکرێ و هەولێر دوێنێ دووی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ” بە داخێکی زۆرەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا ، چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان”.