دوای ئەوەی شەوی رابردوو سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا گەیشتە بەغداد، ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە رێوڕەسمی پێشوازی بۆ رێكخرا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران رێوڕەسمی پێشوازی لە پیدرۆ سانشێز، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا ئەنجامدا كە شەوی رابردوو گەیشتە بەغداد.
رێوڕەسمەكە كە لە كۆشكی حكومی ئەنجامدرا، تیایدا میوزیكی هەردوو سروودی نیشتمانیی عێراق و ئیسپانیا ژەنرا، جگە لە نمایشی پاسەوانی شەرەف.
هەردوو سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و، هەماهەنگیی هەڵوێست لە بارەی ئالنگاری و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییە گرنگەكان دەخەنە بەرباس، جگە لە هاوبەشی لە بوارە جیاوازەكاندا.
بڕیاریشە دیدارێكی فراوان لەنێوان خاوەنكارانی عێراقی و ئیسپانی و نوێنەری كۆمپانیا تایبەتمەندەكان بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆك وەزیران ئەنجامبدرێت.