عیماد ئەحمەد: ئەم سەركەوتنە بەرھەمی سەرکردایەتییەکی توندوتۆڵ و جیاوازە

عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد رایدەگەیەنێت، ئەم سەركەوتنەی یەكێتی زادەی کۆنگرە و بەرھەمی کاری دەستەجەمعیی یەکێتییانە و رێبەرایەتی و سەرکردایەتییەکی توندوتۆڵ و جیاوازە

عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەم سەرکەوتنەی یەکێتی کە سەرکەوتنی کورد و کوردستانییانی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و مەخمور و شەنگال و یەک بەیەکی خەڵکی ئەو ناوچانە و تەواوی خەڵکی کوردستانە، بەرھەمی کاری دەستەجەمعی یەکێتییانە و رێبەرایەتی و سەرکردایەتییەکی توندوتۆڵ و جیاوازە، وەفای خەڵکی ئەو ناوچانە بوو بۆ مامی رێبەرمان، ھەروەک چۆن زادەی کۆنگرە و خۆڕێکخستنەوەیەکی بە پلان و کارا و سەردەمێکی نوێی مایەی ھیوایە، بەڵام وەک مام فەرمووی، “نابێت لەسەر چەپکەگوڵی دەسکەوتەکان خەومان لێ بکەوێت”.

دەشڵێت، گرنگە سەرکەوتن و دەسکەوتە حزبی و دیموکراسییەکان بۆ دەسکەوتێکی عیراقی و کوردستانی و نیشمانییانە تەرجومە بکەین و برایەتی و پێکەوەھەڵکردن و پێکەوەژیان و کارکردنێکی کاریگەر لەگەڵ پێکھاتە گرنگ و رەسەنەکانی ئەو ناوچانەدا بھێنینە ئاراوە.

گرنگە ئەو سەرکەوتنە ببێتە ھەوێنی ھاوکاری و ھاوخەباتی ھێزە کوردستانییە بەرپرسیارەکان و مایەی کۆکردنەوە و یەکبوونی کودستانییانە و عیراقییانەمان بێت، عیماد ئەحمەد وا دەڵێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، سەركەوتنەكە ببێتە ئیلھامبەخش بۆ بەدەستھێنانی سەرکەوتنی ئاوا بەرچاو لە داھاتووی نزیکی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵکی بەوەفای خۆمان، کە دەرکەوت وێڕای نیگەرانییەکانیان، بەڵام لە تەنگانەدا ھەرگیز پشت لە ھێزە رەسەن و خەباتگێڕەکانی خۆیان ناکەن.

بابەتی پێشتر

ئەنجامی دەنگی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share