بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە رۆحێكی نیشتمانی كار بۆ بونیادنانی داهاتوو و قوڵكردنەوەی تەبایی بكەین

سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت، ئەركی هەموو لایەكمانە بە رۆحێكی نیشتمانی و كوردانەوە كار بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر، قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و پێكەوەژیان و بڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتی بكەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستان رایگەیاند، دەست لەسەر دڵ بەرامبەر ئاڵای كوردستان دەوەستین و بە ئەوپەڕی وەفادارییەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەكەینەوە كە لەپێناو سەرفرازیی كورد و شەكانەوەی ئاڵاكەماندا گیانی خۆیان بەختکرد.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، “ئەركی هەموولایەكمانە پێكەوە لەژێر سایەی ئاڵا پیرۆزەكەماندا بە رۆحێكی نیشتمانی و كوردانەوە كار بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر، قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و پێكەوەژیان و بڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتی بكەین”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، بێگومان ئەمە تەنیا رێگەیە تاوەكو بتوانین رۆحی شەهیدانمان شاد بكەین و وەڵامی دڵسۆزی و خۆڕاگریی خەڵكە خۆشەویستەكەمان بدەینەوە.

بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان رۆژی 17ی كانونی یەكەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان‌ و رۆژی ئاڵای كوردستان دادەنرێت.

هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 1945/12/17، بەرامبەر 26ی سەرماوەزی 2645 هەتاوی، كە تیایدا لە مەراسمێكی بە شكۆدا بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەمەد و شۆڕشگێڕانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، ئاڵای كوردستان بە رەسمی لە مەیدانی چوارچرا هەڵكرا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share