دوای تێپەڕبوونی رۆژێک بەسەر واژۆکردنی دووەم رێککەوتنی بەریتانیا و رواندا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا دەستی لەکار کێشایەوە.
رۆژی چوارشەممە، 6ی کانونی یەکەمی 2023، رۆبێرت جێنریک، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد، دوای ئەوەی حکومەت یاسایەکی خێرا و بەپەلەی بڵاوکردەوە کە پەیوەندی بە رێکەوتنێکی مشتومڕاوییەوە هەیە کە لەگەڵ رواندا واژۆکراوە و تێیدا گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە ی رۆژهەڵاتی ئەفریقا کراوەتە مەرج.
لەو بارەیەوە جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاندووە، ڕۆبەرت جێنریک دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە فشارەکان لەسەر ریشی سوناک، سەرۆک وەزیران زیاتر دەکات.