ئەنجامی کۆبوونەوەی یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری راگەیەندرا

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانی کرد و لەلایەن مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدێکی باڵای کۆمەڵی دادگەرییەوە پێشوازی لێکرا و دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكە كراو جەختیش كرایەوە لەپێویستی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی كوردستان، هەموو لایەنەکانیش پێکەوە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی بژێوی هاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری بە پەرۆشەوە تەئکیدیان کردەوە لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لە هەرێم بە شێوەیەک لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان کۆدەنگی نیشتمانیی دروستبکرێت و یەک گوتاری نیشتمانیی ئاڕاستەی بەغدا بکرێت کە سەرچاوەکەی دیدگای باڵای کوردستانی بێت کە بۆئەوەش یەکخستنی هەوڵەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بە پێویست زانرا .

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە ئاشکراکراوە، دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە ، پرسی هەڵبژاردن دوو تەوەری تری کۆبوونەوەکە بوون کە بە وردی تاوتوێکران و دووپات لە پاراستنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی هەرێم ، لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن کرایەوە بە شێوەیەک هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ تا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەمووان بێت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت هاوکات جەخت لەسەر برەودان و بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەكانی هەردولا كرایەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی گەرمیان: رەمپای ئۆتۆمبێلێک بەرسەری هاوڵاتییەک کەوت و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا

پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، لەناوچەی پیشەسازیی کەلار رەمپای ئۆتۆمبێلێک کەوت بەسەر هاوڵاتییەکدا و گیانیلەدەستدا. عەقید علی جەمال قدوری، وتەبێژی…
Total
0
Share